ليكتان
S
?
زۆر کەس لە ناوچە نێو کلتوورییەکان پێنج زمان دەزانن، و هەروەها پێنج تێڕوانینی جیاوازیان هەیە.
نووسەر زانیار ئادەمی پێی وایە کە لە ڕێگای فرەزمانی و فرەڕەنگی دەتوانرێت کەلێنەکانی ناو زمانی سویدی پڕ بکرێتەوە.
کاتێک بە زمانی کوردی قسە دەکەم، لە قوڵایی مێشکم دا دەگەڕێم بە دوای ئەو ووشانەدا کە هەستە کۆنەکانم زیندوو دەکەنەوە, ئەو هەستەی من بەهێزترین و لاوازترین پەیوەندیە بە بوون و ژیانیمەوە. بەڵام زمانەکەم لاوازتر بووە بە تێپەڕبوونی کات. من چیتر ئەو کەسە نەماوم کە لە کوردستان بووم. هەموو خانەکانی ناو جەستەم پێنج جار گۆڕاون. بەڵام ناخ و ڕۆحی من هێشتا بەهێزە و دروستبوونی من و زمانەکەم زۆر نەگۆڕاوە.
ئەو بەشەی مێشکم کە جەستە و هەستەکان کۆنترۆڵ دەکات بێ ووشەیە. ئەو بەشەی دیکەی مێشکم کە هەست و وێنە و میتافۆرەکانی تێدا دەگوازرێنەوە کوردییە. هەروەها ئەو بەشەی مێشکم کە بیرکردنەوە و پیلان و ئایدیاکانی تێدا كۆ بۆتەوە بە سویدیە.
هەستەکانم بە کوردین و بیرکردنەوەم بە سویدیە. بیرەوەرییەکانم بە زمانی کوردین و داهاتوو بە زمانی سویدی دەبینم. لە خەونەکانم دا، ئەو دوو زمانە تێکەڵ بوون. لە وێنەی خەونەکان دا وەک فیلمێک کە دەتوانین بە خێرایی لە نێوان کات و شوێندا وێنەکە بگۆڕین تاکە شوێنێکە کە ئەو دوو زمانە تێیدا هاوئاهەنگن.
گۆڕینی زمان لە نێوان کوردی و سویدی دا وەک گۆڕینی نێوان فیلم و ئەدەبیاتە. من کاتێک فیلم یا وێنە دروست دەکەم بینەرەکان ئەو کاراکتەرەرانە و ئەو بەرهەمانە وەردەگێڕنەوە بۆ هەست و بیرکردنەوەی خۆیان. لە هونەر دا ئەوە بە تەواوی پێچەوانەیە، لە بهرههمی نووسراوەکانم دا هەست و کارەکتەرەکان خوێنەران خۆیان دەیکەن بە وێنە. لە ئەدەبیات دا هەر وەک لە وڵاتی سوید هەموو ووشەیەک ئازادە. لە فیلمەکان دا وشەکان ملکەچی وێنەکانن، وەک شێعری کوردی کە بە پێچەوانەی فیلمەکان هەستە مەزنەکان لە وێنەیی بچووکتر دا خۆ دەنوێنن.
دەربڕینی مەزنی زمانی کوردی و میانڕەوی زمانی سویدی لەجیاوازییەکی زەقی یەکتردان. لە وڵاتێکی وەک سوید کە ئازادی قسەکردن هەیە و هەموو شتێک دەتوانێت بنووسرێت، زمانی سویدی لە ترسی لەدەنگدانی لووتبەرزی دەکشێتەوە، لە زۆربەی بەشەکانی کوردستان کە کوردی قەدەغەیە چیرۆک نووسانی کورد هەوڵیان داوە هاوار بکەن و زمانەکەیان بەدەنگێکی بەرز دەنگ بداتەوە. ڕۆمانی کوردی زۆر نین، بەهۆی چەوسانەوەی زمانی کوردی، بەڵام زیادترین شێعری کوردی هەیە، هۆنراوەکان لە پێکهاتە بچووکەکاندا درووست دەبن و بە هێمنی بڵاو دەبنەوە لە دەمەوە بۆ دەم، لە گوندەوە بۆ گوند. شاعیرانی کەرد هەمان مەبەستیان بە جێ هێناوە وەک مۆسیقای ”بلووس” کە کۆیلە ئەمریکیەکان بە گۆرانی پەیامەکانی خۆیان بڵاو دەکردەوە، یان شایی ”کاپۆیرا” کە لە کۆیلەکانی بەڕازیل هاتوە و کە لە ڕاستی دا وەرزشی کێبڕکێیە، بەڵام وەک سەما خۆی پێشاندەدا.
یەکەم ڕۆمانی من ”کوڕە شووشەییەکە” باسی دە ساڵی هەوەڵی ژیانم دەکات و کە پێنج ساڵی یەکەم لەکوردستان بوم و پێنج ساڵی دیکە لە سوید بوم. من پرسیارم لە کوڕەکەی ناو دڵم کرد و لێم پرسی چی لە دڵیدایە؟ ئەو کوڕەی ناودڵم بە کوردی وەڵامی دایەوە بەڵام من چیرۆکەکەیم بە سویدی نووسی، لە نووسەرێک ڕا بوم بە وەرگێڕێک، نەک تەنیا بیرەوەری وهەستەکانی بۆ ئەدەب، بەڵکو لە زمانی کوردیەوە بۆ سویدی، شێوازەکەی جیاواز بو لە هەر شتێکی تر کە نووسیومە. من بە بێ مەبەست هاوپەیمانیم لە نێوان کوردی و سویدی دا ڕێکخستبوو. هەموو ووشەکان سویدین، بەڵام کتێبەکە لە ڕاستی دا بە تێکەڵاو کردنی هەر دوو زمانی کوردی و سویدی نووسراوە، وەک بوونەوەرێکی کورد بەجل و بەرگی سویدییەوە.
هەر لێرەش دا هێزی فرەزمانیی دەتوانرێ بدۆزرێتەوە، لە کۆبونەوەی دوو زمانەکە دا سێهەمین زمان سەرهەڵدەدات، ڕێڕەوێک لە نێوان زمانەکان دەکاتەوە کە وشەکان زاراوەکان و دەربڕینەکان بەرەو پێش و پشتەوە دێن و دەڕۆن. هەندێک جار زمانەکان دەجەنگن و پاشان ڕستەیەکی تەواو دروست دەکەن. لە ڕۆمانەکەم دا خۆم لەو ڕێڕەوە دا دۆزیەوە، هەموو ئەو شتانەم وەرگرت کە وەدەستم کەوت، نوسینەکەم بو بە هەوڵێک بۆ خۆ دورخستنەوە لە سانسۆڕی سویدی و سانسۆڕی سیاسی کوردی.
لە هەڵچوونەکەی نێوان زمانەکان دا هندێک ووشە دەردەکەون کە لە یەک زماندا هەیە بەڵام لە ئەوی تر دا نیە، ئەو ڕەنگاوڕەنگیە تایبەتە هەرگیز داهێنراو یان ناودێر نەکراوە. بۆ نموونە لە زمانی کوردی (یان هەر زمانێکی تر) وشەی لاگوم (lagom) نییە، مانای ئەو ووشە ”مامناوەندی یا نە زۆر و نەکەم“،
و هەر ئەوەش که زۆر گرینگه بۆ کەسایەتی و کولتووری سویدی، لە ڕاستی دا ڕوح و کەسایەتی کورد دوورە لەو جۆرە ووشەیە، لە زمانی کوردی دا چەند ووشەیەک لە ژیانی ڕۆژانەدا بەکار دەهێنرێت کە زۆر توند و هەستیارن، هەندێک وشە وەک: تۆ ڕۆحی منی، دڵی منی،جەرگی منی، من بۆ تۆ دەمرم. هەروەها ئەگەر داوا لە کوردێک بکرێت کارێک بکات بۆت وەڵامەکە زۆر جار ئەوەیە: ”بەسەر چاوەکانم”. بەو مانایەی کە ئاواتی تۆ لە چاوم زیاترە و هیچ نابینم جگە لە خواستی تۆ.
لە وەرگێڕان دا هەمیشە کوورتکردنەوەیەک هەیە کە لە ناو بۆشاییدا نامێنێت، نووسینەکەم وەک کۆترێکی باڵ بەستراوە کە مەترسی ئەوە دەکات بە تەواوی بە بەرزاییەکانی ئاسمان نەگات، ئەو دۆڕاندنە زۆر جێی سەرنجە کاتێک بە زمانی کوردی قسە دەکەم. بۆ دایک و باوکم بە پێچەوانەوەیە، بە زمانی ڕەسەنی خۆیان زمانێکی پێشکەوتوو بەکاردەهێنن بەڵام بە زمانی سویدی دەربرینی خۆیان بەزەحمەت دەزانن. ڕاستەوخۆ لە کوردیەوە ووشەکان وەردەگێڕن بۆ سویدی. سویدیەکان ئەوە بە هەڵە دەبینن و نەک وەک قازنجێک و سامانێک لە لایەن زمانی کوردیەوە بۆ زمانی سویدی، لەبەر ئەوەش دایک و باوکم وەک گەمژە دەبیندرێن و بێدەنگ دەمێنن لە چوارچێوەیەک دا کە بە جدی وەرناگیرێن.
لە ڕاستی دا ئەو کەسانە کە فرەزمانن گەورەترین گەشەپێدەری سویدن، داهێنان توانای ئەوەی هەیە کە لەڕێگای بەکارهێنانی یەک شت بتوانێت شتێکی نوێ دروست بکات و لە دانانی دوو بیرۆکە پێکەوە بیرۆکەیەکی تازە پەیدا بکات، فرەزمانی ڕاهێنانێکی بەردەوامە لەو بەشەدا وەک بینینێکی هەمەجۆر کە هەموو شتێک لە هەمان کاتدا لە گۆشەی جیاوازەوە دەبینرێت. تا زمانەکان زیاتربن گۆشەکان و ڕوانگەکان زیاتر دەبن، زۆر کەس وەک من هەیە کە لە ناوچە نێو کلتووریەکان پێنج زمان دەزانن و لەبەر ئەوەش پێنج تێڕوانینی جیاوازمان پێ دەبەخشێت. کۆبونەوەی نێوان هەموو ئەو زمانانە کاریگەریەکی زیاتری هەیە و ئەو کەسە فرەزمانیانە دەوڵەمەندیەک و ڕەنگێکی جیاوازتر دەبەخشن بە زمانی سویدی.
زانیار ئادەمی • 2023-03-25 زانیار ئادەمی نووسەرە، وانەبێژ و هەروەها دەرهێنەری فیلمە