ژینا ئاڵای شۆڕشی نوێ لە ئێرانا

Protester i Iran efter Mahsa Jina Aminis död

مەهسا ژینا ئەمینی بووە بە سیمبولی ڕاپەڕینی ژنان لە ئێران. سلیمان قاسمیانی سەبارەت بە ئیسلامی سیاسی و شۆڕشێکی نوێ لە ئێران گفتوگۆ دەکات.

رۆژی ٢٢ی خەرمانان، مەهسا (ژینا) ئەمینی کچە کوردی ٢٢ سالەی دانیشتووی شاری سەقز کە بۆ سەردانی خزمەکانی چووبووە تاران، بە بیانووی کامڵ نەبوونی حیجابەکەی لە لایەن گەشتی ئیرشادەوە هێرشی دەکرێتە سەر و دەستبەسەر دەکرێ. هەوڵی براکەی و خزمەکانی کە لەگەڵی دەبن بۆ ئازادکردنی بە ئەنجام ناگات و تەنانەت رێگە بە براکەی نادەن کە لە گەڵیان بچێتە شوێنی دەستبەسەرداگرتووەکان. رۆژی دواتر ئاشکرا دەبێ کە ژینا بە هۆی توندوتیژی پۆلیسی ئیرشادەوە زەبری توندی بینیوە و بێهۆش کەوتووە و بردوویانەتە نەخۆشخانەی “کەسرا”، بەڵام ژینا ئیتر لە کۆما نایەتە دەر و رۆژی ٢٥ ی خەرمانان گیانی لە دەست دەدا.

لە گەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی مەرگی ژینا، خەڵک هەر ئەو رۆژە لە بەردەرگای نەخۆشخانەی “کەسرا” لە تاران دەست دەکەن بە شیعاردان دژ بە حکومەت کە پولیس هێرشیان دەکاتە سەر و زۆر کەس دەگرێت. بەڵام ئیتر ئەم هەواڵە گڕ بەردەداتە پووشووی ناڕەزایەتی کپکراوی ساڵەهای ساڵ سەرکوت و بێ مافی خەڵک بە گشتی و ژنان بە تایبەتی لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ئیسلامی دا. رۆژی ٢٦ خەرمانان لە کاتی بەخاکسپاردنی تەرمی ژینادا لە گۆڕستانی ئایچی سە‌قز، سەرەڕای هەوڵی حکومەت بۆ بەرگرتن لە کۆبوونەوەی خەڵک، جەماوەرێکی زۆر لە سەر خاکی ژینا کۆدەبنەوە و بە ئاشکرا دژ بە کۆماری ئیسلامی ئیران دەنگیان بەرز دەکەنەوە و دژی دەسەڵاتی دینی و حیجاب شوعار دەدەن. ئیتر لەو رۆژەوە شاربە شار لە کوردستان و لە باقی شارەکانی ئیران خەلک رژاونە سەر شەقامەکانی شار و نەفرەتی خۆیان لە رژیم دەربڕیوە و ژنان حیجاب و لەچکە فڕێ دەدەن و لە مەیدانی شارەکان دا دەیسووتێنن.

کۆماری ئیسلامی ئیران ٤٣ ساڵە لە سەر دەریای نەفرەت و بێزاری خەڵک و بە تایبەت ژنان دەژی. بەدوای رووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ١٩٧٩ ی زایینی دا، مەلاکانی تازە بە دەسەڵاتگەیشتوو بۆ سەربڕینی ئەو شۆڕشە دیموکراتیکەی کە  شای رووخاند، ژنان و مافەکانی ژنانیان کردە یەکەم ئامانجی هێرشەکانیان. ژنان لە کۆمەڵگای پیاوسالاردا هەمیشە لاوازترین ئاڵقەی کۆمەڵگان. دەسەڵاتی ئیسلامی تازەپێگەیشتوو دڵنیا بوو کە ئەگەر بتوانێ لە سەرکوتکردنی ژنان و بێبەشکردنی ئەوان لە سەرەتاییترین مافەکانی ئینسانییان دا سەرکەوتوو بێت، هەنگاوەکانی دواتری بۆ سەرکوتکردنی بەشەکانی تری خەلک زۆر ئاسانتر دەبێ. ژنان نیوەی کۆمەڵگان و ئەگەر دەسەڵاتێک بتوانێت مافی ژنان پێشێل بکات، مانای ئەوەیە کە نیوەکەی تری کۆمەڵگا ملی داوە بەو بێمافییە و رێچکەکە بۆ سەرکوت و دیکتاتۆری هەموار کراوە. ئەوکاتە ئیتر ئەو نیوەکەی تر ئەوەندە لاواز بووە کە بەرگەی هێرشی دەسەڵات بۆ خنکاندی یەکجاری شۆرشەکە و ئازادی و دەسکەوتە دیموکراتییەکانی نەبێ.

ئاکامەکەش هەروا بوو. دەسەڵاتی ئیسلامی لە ٨ی مارسی ١٩٧٩دا، واتە کەمتر لە مانگێک دوای رووخانی شا، بڕیاری حیجابی زۆرەملیی  بۆ ژنانی کارمەند ڕاگەیاند. ئەم بڕیارە بوو بە هۆی خۆپیشاندانی سەدان هەزار ژن لە ئیران. بەداخەوە زۆریک لە رێکخراوەکان لە لیبرالەوە بگرە تا زۆرێک لە چەپەکانی ئەو سەردەمە بە بیانووی سەرەکیتربوونی خەبات دژی ئەمپریالیسمی ئەمەریکی، نە تەنیا پشتی مافەکانی سەرەتایی ژنانیان نەگرت بەڵکوو بەربەرەکانی ژنان دژ بە حیجابی ئیسلامییان وەکوو پلانی ئەمپریالیسم بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی تازە سەکەوتوو ناو دەبرد و بەمجۆرە چوونە ژێرئاڵای “دژی ئەمپریالیستی” خۆمەینی یەوە. دەسەڵاتی ئیسلامی ئیتر وردە وردە ژنانی ئیرانی خستەوە ژێر رکێفی ئیسلام و شەریعەی کۆنەپەرستانە و نامرۆڤانە. 

دیارە دەسەڵاتی تازە پێگەیشتووی ئیسلامی ئیران نەیتوانی یەکشەوە گڕکانی شۆڕشی ١٩٧٩ دابمرکێنێ. ئەم کارە نزیکەی دوو ساڵی خایاند. حکومەت لە هەموو شوێنێکی ئێران، لە ئەهواز و ئابادانەوە لە باشوور بگرە تا تورکمەن سەحرا لە باکوور، لە کوردستانەوە بگرە تا تاران و سیستان و بەلوچستان لە رۆژهەڵاتی ئێران، بە زیندانی کردنی بە کۆمەڵ و لە سێدارەدانی سەدان هەزار هەڵسووراوی کرێکاری و ئازادیخواز و مرۆڤی پێشرەو و عیلمانی و یەکسانیخواز و بە تایبەت چەپەکان، شۆڕشی ١٩٧٩ی لە خۆێندا گەوزاند و دەسەڵاتی ئیسلامی خۆی داسەپاند.

Kvinnor i Iran demonstrerar mot slöjtvång 1979

هەروەک پێشتر وتم، ژنان وەکوو لاوازترین ئاڵقەی کۆمەڵگا، بە درێژایی مێژووی ٤٣ ساڵەی دەسەڵاتی ئیسلامی، هەمیشە وەک گەرماپێوەرێک بوون بۆ پیشاندانی وەزعی دەسەڵات. هەرکات دەسەڵات هەستی بە لاوازی کردبێت، بۆ پێشاندانی دڕندەیی خۆی و ترساندنی جەماوەر بە گشتی، ‌‌هیرشی کردۆتە سەر ژنان و مەیدانی ژیانی بە ژنان تەنگتر کردووە و فشاری چەند بەرابەر کردووە بۆ لە بەرچاوگرتنی حیجابی ئیسلامی.

حیجاب بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتاوە بوو بە بەردی بناخەی ئەو دەسەڵاتە. لە هەموو ئەو ٤٣ ساڵەدا ژنان و تاڵی موویان لە لایەک و کۆماری ئیسلامی لە لایەکەی ترەوە، لە شەڕێکی مەرگ و نەمان دا بوون. بە پێی ئامارەکانی دەسەڵات خۆی، هەر سال بە سەدان هەزار ژن، بە هۆی نەپاراستنی یاسای حیجابەوە و خستنەدەری چەن تاڵە موو، خراونە زیندان یان جەریمە کراون بەڵام لەم شەڕەدا رژیمی ئیسلامی هەرگیز سەرکەوتوو نەبوو. ژنان رۆژ بە رۆژ لەچکەکانیان زیاتر دەخستە پشت سەر و مووی سەریان زیاتر دەخستە روو. دەسەڵاتی ئیسلامی تەنانەت لە سەردەمی دەسەڵاتی موحەممەد خاتەمی و حەسەن رووحانی دا کە لە ناو خویاندا بە ریفورمخواز ناودەبرێن، یەک میلیمتر لە مەسەلەی حیجابی زۆرەملی پاشەکشەیان نەکرد و هێچکام لەو یاسا ئیسلامییانەی کە پەیوەندی بە ژێردەستەیی ژنان و دەسەڵاتی باوک و مێرد بە سەر کچان و ژنان دا هەیە، نەگۆڕی.

کۆماری ئیسلامی ئیران بەم کارە تەنیا خەریکی هەرچی قووڵترکردنی گۆڕی خۆی بوو. هۆکەشی زۆر ئاشکرا بوو. ڕێژەی ژنانی خوێندەوار لە چاو دەورانی پاشایەتی ئێجگار چووبووە سەر. ئەم ڕێژەیە بە تایبەت سەبارەت بە خوێندنی پلە باڵا وەکوو سونامییەک بوو. چوونە سەری رێژەی گەنجان لە هەموو ئیراندا بە نیسبەت دانیشتووانی وڵات بە گشتی، موشکیلەیەکی تری ئەم حکومەتە بوو. ڕێژەی باڵای بێکاری لە نێو ژنان دا هۆیەکی تری لە سەریەک کۆبوونەوەی بێزاری و رق و تووڕەیی ژنان و بە تایبەت ژنانی گەنج بوو. دەسەڵاتی ئیسلامی ئیڕان نەیدەزانی کە بەربەستی خستۆتە بەر ئاوێک کە خەریکە دەبێ بە دەریا، دەریایەک کە هیچ بەنداوێک ناتوانی لە بەرامبەری دا راوەستێ.

مەرگی ژینا بوو بە دوایین دڵۆپەیەک کە دەریای پۆنگخواردووی سەرڕێژ کرد و بەربەندی ٤٣ ساڵەی حکومەتی ئیسلامی تەقاند. ئیتر زەبر و زۆر و توندوتیژی و بگرە و بکوژەی چەندەها ساڵەی دەسەڵات کارایی نەمابوو و نەیدەتوانی بەر بگرێ بە خەڵک و بە تایبەت ژنان لە دەربڕێنی نەفرەتیان. جەماوەری ئێران بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی چەندەها جار رژانە سەر شەقامەکان و هەر جار بە کوشتاری بەربڵاو پاشەکشەیان پێکرا. بەڵام ئەمجارەیان جیاوازییەکی زۆر سەرەکی هەیە لە گەڵ جارەکانی پێشوو. دیارە کە مەسەلەی ئابووری وەکوو بەکگراوند لە پشت هەڵچوونی ئەمجارەی خەلکێشدا دیارە بەلام تێکهەڵچوونی ئەمجارە، نەک لە ژێرئاڵای گرفتی ئابووری، بەڵکوو لە سەر بەردی بناغەی کۆماری ئیسلامی، لە سەر یەكێک لە ئایکۆنە ئایدیۆلۆژیکەکانی دەسەڵات، واتە حیجاب و ژێردەستەبوونی ژن دەستی پێکرد. ئەمجار ئیتر هاوارەکە لە سەر کار بۆ بێکاران، بردنە سەری حەقدەستی رۆژانە یان مانگانەی چەندەها مانگ وەدواکەوتوو نەبوو. ئەمجارەیان تیرەکە دڵی دەسەڵات و بنچینە ئایدیۆلۆژیکەکانی پێکا، بە جۆرێک کە هەرجۆرە پاشەکشەیەکی دەسەڵات لە بناخە ئایدیۆلۆژیکەکانی دەبێتە هۆی داڕمانی هەموو بیناکەی، ئەگەر نە دەسبەجێ بەڵام زۆر بو توندی.

ژینا لە کاتی دەستبەسەرکرانەکەیدا داوای لە “پۆلیسی گەشتی ئیرشاد” کردبوو کە ئەزیەتی نەکەن چونکە ئەو غەریبەیە و بەسەردان هاتووەتە تاران. ژینا بەداخەوە مەودای نەبوو کە بە چاوی خۆی ببینێ ئەو نە تەنیا غەریبە نەبوو بەڵکوو بوو بە ئاڵای خەباتی هەموو ئیران بۆ ئازادی و یەکسانی، بوو بە “مەهسا” ی ملیۆنان ژن و پیاو و گەنج و پیر و مناڵ بە بەرینی هەموو جوغرافیای ئیران. زێدی مەهسا سەقزە بەڵام مەهسا نەک هەر کیژی کوردستان و ئیران بوو، بەڵکوو بوو بە دروشمی پشتیوانی لە مافی ژن و ڕیز و حورمەت بۆ کەرامەت و سەربەخۆیی ژن، بۆ ئازادی ژن لە بەرانبەر ئیسلامی سیاسی بە درێژایی هەموو دونیا.

خۆپیشاندانەکانی ژنان و جەماوەری خرۆشاوی سەرشەقامەکان، وەک خۆپیشاندەران لە ٢٤ ەمین رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا دەیانوتەوە: “ئیتر مەڵێن نارەزایەتی، ئەمە ئیتر ناوی شۆڕشە”، بووە بە شۆڕش. شۆڕشی ئەمجارە لە ئیران، شۆڕشی داڕووخانی ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسی ئیسلامە. ژنان لە ریزی پێشەوەی هەموو تیكهەڵچوونەکاندان و هەموو رۆژێک تا بەئەمرۆ بە ئاگردانی چارشێو و لەچکەکانیان لە مەیدانی شارەکان لە بەر چاوی هێزی چەکداری رژیم دا، ئەوە دووپات دەکەنەوە کە حکومەتی ئیسلامی ئێران لە کۆتاییدا بە دەستی لاوازترین ئاڵقەی کۆمەڵگای پیاوسالاری و دینی، واتە ژنان، کۆتایی بە ژیانی دێت. رووخانی ئەم حکومەتە لە هەمان کاتدا دەبێتە سەرەتای رووخان و لاوازبوونی ئیسلامی سیاسی لە تەواوی ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەراست و دونیادا.

Soleyman Ghasemiani • 2022-10-20
Soleyman Ghasemiani är poet och författare och skriver på kurdiska, persiska och svenska. Han är också redaktör för den kurdiska kulturtidskriften HANA.